سوورەتی (طور)
پێناسەیەكى سورەتەكە:
١- سورەتى (طور) سورەتێكى مەككى یە.
٢- ژمارەى ئایەتەكانى سورەتى (طور) (٤٩) ئایەتە.
٣- سورەتى (طور) زنجیرەى پەنجاو دوەمینە لە ریزبەندى لە ناو سورەتەكانى قورئانى پیرۆزدا.
٣- سورەتى (طور) لە دواى سورەتى (سەجدە) دابەزیوە.
٤- سورەتى (طور) یەكێكە لەو سورەتانەى كە خواى گەورە بە سوێند دەستى پێكردوە.
٥- (طور: ئەو شاخە بوو كە خوای گەورە قسەی لەگەڵ موسادا كرد صلى الله علیه وسلم لەسەرى).
تەوەرەكانى ئەم سورەتە:
سورەتى (طور) هەروەك سورەتە مەككییەكانى تر تەوەرەكانى بریتین لە چارەسەركردنى بابەتەكانى عەقیدەو بیروباوەڕو لێكۆڵینەوە لە بنەماو بنچینەكانى بیروباوەڕ، وەك تاك و تەنهایی خواى گەورەو ناردنى پەیامەكەى و زیندوبوونەوەو وەرگرتنەوەى پاداشت و سزا.
وە هەروەها ئەم سورەتە هەڕەشەى توندو بەهێزى تێدایە بە دۆزەخ و سزاو عەزابی خواى گەورە بۆ ئەوانەى كەوا ئەم ئایین و بانگەوازە بە درۆ دەزانن و باوەڕی پێ ناهێنن، لە بەرامبەریشدا باس و وەسفی بەهەشت دەكات كە خواى گەورە ئامادەى كردووە بۆ لە خواترسان و ئەوانەى كەوا خۆپارێزى دەكەن لە گوناهو تاوان و خۆیان بۆ ئەو رۆژە ئامادە دەكەن بە ئەنجامدانى عیبادەت و خواپەرستییەكان.
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
[ وَالطُّورِ (١) ] خوای گەورە سوێند ئەخوات بە كێوی (طور), ئەو شاخەی كە خوای گەورە قسەی لەگەڵ موسادا كرد صلى الله علیه وسلم لەسەرى.